هەماهەنگییەكی گرنگ لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان (UNFPA)
لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، ڕێکخراوی سەرد بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵگە، بە هاوکاری وەزارەتی پلاندانان و سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان، چاڵاكییەكی تایبەت لە هوتێلی دیڤان لە پارێزگای هەولێر ئەنجامدا بە ناونیشانی "پلاندانان و ئامار: پەیوەندییەکی گرنگ بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان."
ئەم چالاکییە بە ئامادەبوونی بەڕێزان ڕاوێژکاران لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان, بریکارانی وەزارەتەکان و ڕاوێژکارانیان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، و هەروەها مامۆستایانی زانکۆکان, بەڕێوەبەرانی ئامار و پلاندانان و فەرمانبەرانی دەستەی ئامری هەرێم، سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو.
چاڵاكییەكە بە سەرکەوتوویی لەلایەن تیمێکی هاوبەشی ڕێکخراوی سەرد، وەزارەتی پلاندانان، و سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان ڕێکخرا، بە مەبەستی تیشک خستنەسەر گرنگی ئامار و ڕۆڵی گرنگی لە کۆمەڵگەدا. بەرنامەکە چوار سیمیناری زانیاری بەخشی لەخۆگرت کە لەلایەن پسپۆڕانی ناسراوەوە پێشکەش کران:
- سەرژمێری گشتی و لێکەوتەکانی
بریكاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆكی دەستەی ئامار، بەڕێز سیروان محەمەد موحیەدین، ئەم سیمینارەی پێشکەش کرد، كە پەیوەست بوو بە شیكردنەوەی ئەنجامەکانی سەرژمێری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤ و لێکەوتە گرنگەکانی لەسەر گەشەپێدانی سیاسەتەکان، دابەشکردنی سەرچاوەکان، و پلاندانانی ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان.
- نەخشە ڕێگەی پلانی داهاتوو بۆ دەستەبەركردنی داتا و زانیاری بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان
پ.ی.د. هێمن عەبدولخالق گەزنەیی نەخشە ڕێگایەکی گشتگیری پێشکەش کرد کە دەریدەخات چۆن حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت سیستەمەکانی کۆکردنەوەی داتا باشتربكات و میکانیزمی بەهێز دابمەزرێنێت بۆ بەدەستهێنانی زانیاری ورد و لە کاتی گونجاودا لە هەموو سێكتەرە حکومییەکان.
- هێز و كاریگەری ئامارزانی لەسەر كۆمەڵگە
پ.د. دڵشاد شاکر ئیسماعیل بۆتانی جەختی لەوە کردەوە کە داتا ئامارییەکان بنەماو ژێرخانی بڕیاردانی بەڵگەدارن و ڕۆڵی سەرەکی لە داڕشتنی سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێنمایی گەشەپێدانی ئابووری و بەرزکردنەوەی کوالیتی ژیانی هاووڵاتیان دەردەخەن.
- گۆڕانکارییەکانی دانیشتوان و کاریگەرییان لەسەر پلاندانان
بەڕێز گۆهدار محەمەد عەلی ئاڕاستەی دیمۆگرافی و داینامیکی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانی شیکردەوە و باسی لەوە کرد کە چۆن ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەری لەسەر پلاندانانی شار، پەرەپێدانی ژێرخان، خزمەتگوزاری تەندروستی و پێداویستییە پەروەردەییەکان هەیە.
سیمینارەکان تێڕوانین و ستراتیژی كرداری بەنرخیان پێشکەش کرد بۆ پەرەپێدانی پڕۆسەی کۆکردنەوە و بەکارهێنانی داتا لە سەرجەم کەرتەکانی هەرێمی کوردستان و تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکی گرنگی نێوان ئامار و حوکمڕانی کاریگەر.




















































